Aryen TV

گوشارەکانی رژیمی داگیرکەری ئێران لە سەر ژنان دەنگی هەموو لایەنەکانی دەرهێنا

گوشارەکانی رژیمی داگیرکەری ئێران لە سەر ژنان بوەتە هۆکاری دەنگ بەرز کردنەوەی ژنانی سەر بە رژیمیش. لە لایەکی زارا رەهنەوەرد لە نامەیەکدا گازەندەی لە سیاسەتەکانی رژیم دژی ژنان کردووە و لەلایەکی تر نوێنەرانی رژیم لە مەجلس و تەنانەت هونەرمەندانیش بێدەنگیان شکاندووە.

زارا رەهنەوەرد لە نووسراوەیەکدا کە سایتی کەلەمە بڵاوی کردوتەوە بە زمانێکی توند کە پێشتر بەرامبەر بە رژیم بە کارنە‌هێندراوە سیاسەتەکانی رژیمی ئێرانی لە دژی ژنان داوەتە بەر رەخنە و بە هۆکاری تێکدانی رایگشتی زانیوە.

لە یاداشتەکەیدا رەهنەوەرد نووسیویە: نەبوونی یاسا بۆ داکۆکی کردن لە مافەکانی ژنان، سەرکوت کردنی ژنان بە هەموو شێوەیەک چ ئاشکرا بێت یا نهێنی، گەشتی ئرشاد، بیانوو گرتن بە خەڵک لە سەر حجاب و تەنانەت قەدەغە کردنی کایە بە ئاو لە نێو پارکەکان بەڵگەن بۆ دژایەتی رژیمی ئێران لە گەڵ ژنان.

زارا رەهنەوەرد ئاماژەی بە دەستگیرکردنی چالاکانی ژن، رۆژنامەوانان، هونەرمەندان و رۆشنبیران کردووە و سەپاندنی سزای درێژخایەنی زیندان بە سەر مەرزیە ئەمیری و گوشارەکان لە سەر نووشین جەعفەری بۆ دانپێدانان دژی خۆی وەکوو نموونەی سەرکوتی ژنان لە سیستمی دەسەڵاتداری رژیمی ئێران هێناوەتەوە.
رەهنەوەرد جەختی کردوتەوە ئەو رەوتەی کە رژیم لەسەری بەردەوامە بۆتە هۆی ئەوەی کە بنەماڵەکان لە ئاسایشی منداڵانیان دڵنیا نەبن و دەترسن لەوەی کە کاتێک منداڵەکانیان ئەچنە دەرێ ئیتر نەگەڕینەوە ماڵ.

لە کۆتایدا رەهنەوەرد پێشنیاری بۆ رژیم کردوە کە بە ئازاد کردنی زیندانیانی سیاسی و لابردنی کەشی ئەمنیەتی ئاسایشی خەڵک دابین بکات.

زارا رەهنەوەرد هاوژینی دواهەمین سەرۆک وەزیرانی رژیمی ئێران میرحوسێن مووسەویە کە لە ساڵی ١٣٨٩ لەلایەن رژیمی ئێرانەوە لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر کراون.

لە لایەکی تر پەروانە سەلەحشووری نوێنەری رژیم لە مەجلس سەبارەت بە دەستبەسەر کردنی ژنانی چالاک و رۆژنامەوان ناڕەزایەتی دەربڕیوە و هەروەها سەبارەت بە رەوشی چالاکانی مەدەنی، مەرزیە ئەمیری، نووشین جەعفەری و عاتفە رەنگڕیز گازەندەی لە قوەی قەزاییەی رژیم کردوە.

نووشین جەعفەری عەکاسی سینما و تەئاتر، زیاتر لە مانگێکە لەلایەن رژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە، سەرچاوەکانی هەواڵ لە نێوخۆی ئێران رایگەیاند کە ئەمڕۆ شەهرزاد جەعفەری خوشکی نووشین جەعفەری لەلایەن رژیمی ئێرانەوە لە ماڵەکەی دەستبە سەر کراوە.

لە لایەکی تر زیاتر لە دووسەد هونەرمەند لە ئێران لە نامەیەکی سەر ئاوەڵادا سەبارەت بە رەوشی نووشین جەعفەری نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.

بە نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی مەجلسی رژیمی ئێران دەنگی ناڕازی لە ئێراندا جاروبار ڕێگای بۆ دەکرێتەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە لە کاتێکدا رژیمی داگیرکەری ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا بەبێ ناوبەر بەردەوام بووە لە دژایەتی ژنان ئایا ئەو کاربەدەستانەی پێشوو و ئیستای رژیم ئامادەن لە داهاتووشدا بە هەمان شێوە دژی بنپێکردنی مافەکانی ژنان هەڵوێست بگرن.

More Stories

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

وەشانی ڕاستەوخۆ

Copyright © All rights reserved. | Newsphere by AF themes.