Aryen TV

کەجەرە گەریلای گیانبەختکردوو چالاک جوانڕۆی بەبیرهێنایەوە

جەوانانی کورد وەکوو پێشەنگی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەیان هەموو کات لە ریزی پێشەوەی تێکۆشانی ئازادی بوون، یەک لەو جەوانانە، گیانبەختکردووی رێگای ئازادی چالاک جوانڕۆیە، کۆمەڵگای جەوانانی رۆژهەڵاتی کورددستان کەجەرە لە ساڵیادی گیانبەختکردنی چالاک جوانڕۆ ئەو پێشەنگەی جەوانانی بەبیرهێناوەتەوە.

گیانبەختکردووی رێگای ئازادی ئەیووب فەخری ناسراو بە چالاک جوانڕۆ لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری جوانڕۆ لە رۆژهەلاتی کوردستان لە دایکبوو لە رۆژی یەکی سپتامبری ٢٠٠٧ گیانی بەخت کرد. لە ساڵیادی گیانبەختکردنیەدا کۆمەڵەی جوانانی رۆژهەڵاتی کەجەرە لێدوانێکی راگەیاند.


لە سەرەتای لێدوانەکەی کەجەرەدا هاتووە: بزووتنەوەی ئاپۆیی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، بە پێشەنگایەتی ژنان جەوانان، مۆرکی خۆی لە مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد داناوە، لە پێناو دەستەبەر کردنی ئازادی و ژیانێکی بە واتا، باشترین رۆڵەکانی لە هەستیارترین قۆناخەکانی تێکۆشاندا فیدا کردووە. شەهید چالاک جوانڕۆ، یەک لەو جەوانە بە توانا و خاوەن هەڵوێستانەیە کە لە سەرەتای لاوێیتیدا بەشداری تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد بووەوە و بە ڕۆحی گەنجێتی بەرەو سەرکەوتن هەنگاوی هەڵهێناوە. شەهید چالاک وەک گەنجێکی شۆڕشگێڕ و میلیتانێکی ئاپۆیی، بۆ وشیار کردن و بە ڕێکخستن کردنی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاشکرا کردنی پیلانەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێران، بێوچان تێکۆشاوە. وەک ناوەکەی، خاوەن کەسایەتییەکی چالاک و وریا بووە کە ڕاوەستان و ماندوو بوونی نەناسیوە.

کەجەرە لە بەردەوامی لێداوانەکەیدا رایگەیاند: شەهید چالاک لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری جوانڕۆ چاو بە دونیا هەڵدێنێت. وەک گەنجێکی کورد زۆر زوو هەست بە سیاسەتی داگیرکاری رژێم دەکات. ناخی لێوانلێو بووە لە هەستی تۆڵەسەندنەوە و خولیای تەنیا بنیاتنانی ژیانێکی ئازاد و دادپەروەرانە بووە. لە دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کە لە کەسایەتی رێبەر ئاپۆدا لە دژی گەلی کورد پێکهات، بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان بوو، تا کاتی شەهادەتیشی هەرگیز لەتێکۆشان درێغی نەکردەوە و چالاکانە تێکۆشاوەوە و بووەتە پێشەنگی جەوانانی ڕۆژهەلاتی کوردستان.هەڤاڵ چالاک وەک جەوانێکی پێشەنگی رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن کەسایەتییەکی تێکۆشەر، ورەبەرز، بە ئیرادە و خۆڕاگر بوو. لە هەر گۆڕەپانێکی تێکۆشان و خەباتدا کە جێی بگرتایە، بە ئامانجی سەرکەوتن بەرەو ئەو کارە هەنگاوی هەڵگرتووە. لە بچووکترین دەرفەت، بۆ فێربوون و پێشکەوتنی کەسایەتی خۆی کەڵکیوەرگرتووە و هەر ئەو تایبەتمەندییەشی وای کرد بتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا ئەرکی پێشەنگایەتی بگرێتە ئەستۆ خۆی و ببێتە ئاڵا هەڵگری تێکۆشانی گەنجانی ڕۆژهەڵات و خۆشەویستی هەڤاڵانی.

کەجەرە دەستنیشانی کرد لە یەکی سپتامبری ٢٠٠٧ کە بە رۆژی جیهانی ئاشتی ناسراوە، لە تێکهەڵچوونێک لە گەڵ هێزەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێران لە ناوچەی مەریوان، هەڤاڵ چالاک چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە و چەکی تێکۆشانی بۆ گەنجانی ڕۆژهەڵات بە ئەمانەت بە جێهێشت.

کۆمەلەی جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان جەختی کردەوە لە ساڵڕۆژی شەهادەتی هەڤاڵ چالاک جوانڕۆدا، بەڵێن و پەیمانی خۆمان لەگەڵ سەرجەم شەهیدانی ئازادی نوێ دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین کە درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدان بین. هەروەها جەوانانی کورد بە تایبەت جەوانانی جوانڕۆ، بانگهێشتی خاوەندارێتی کردن لە ڕەنج و خوێنی شەهیدان دەکەین کە ئەوەش بە بەشداربوونی ناو ڕیزەکانی تێکۆشان و پتەوکردنی خەباتی ئازادیخوازی گەلەکەمان مسۆگەر دەبێت.

کۆمەڵەی جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەجەرە لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رایگەیاند: تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد هەر لە سەرەتاوە بە پێشەنگایەتی گەنجان دژی داگیرکەری و زۆرداری دەستی پێ کردووە و بە ڕۆحی گەنج بوون بەرەو سەرکەوتن و دەستەبەرکردنی ئامانجەکان دەڕوات. لە سەر ئەم بنەمایە شەهید چالاک جوانڕۆ بە ڕێزەوە بە بیر دێنینەوە و بەڵێن ئەدەین کە ئێمەی گەنج بە ڕۆحی شەهید چالاک جوانڕۆ پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژهەڵات بکەین و تا پێکهێنانی ئاوات و ئامانجی شەهیدان درێژەدەری ئەو رێگایەین.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

وەشانی ڕاستەوخۆ

You may have missed