Aryen TV

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار: کاک فوئاد دەیویست سیاسەت بگەڕێنێتەوە بۆ ناو ژیانی کۆمەڵایەتی

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار، ئاریۆ بەرزەن بەبۆنەی ساڵیادی گیانبەختکردنی کاک فوئاد بەشداری بەرنامەی لاپەڕەی رادیۆ دەنگی وڵات بووە.

ئاریۆ بەرزەن، ئەندامی دەستەی بەرێوبەرایەتی کۆمەڵگای دموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆدار رایگەیاند: چەند ساڵێکە بە ناوی سڕێنەوەی ئوستوورە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پیلانێک لەلایەن کەسانی لیبراڵ و ئیسلاحخواز لە ئارادایە کە دەیانەوێت هەموو کەسایەتی شۆڕشگێڕ و کۆمەڵایەتیەکان بسڕنەوە و لەو چوارچێوەیەدا شۆڕشگێرانێک وەکوو کاک فواد موستەفا سوڵتانی، بیژەن جەزەنی، خوسرەو رووزبێه، حەمید ئەشرەف و ئەمیرپەرویز پوویان کراونەتە ئامانج تا بەو شێوەیە گەل بە بێ پێشهەنگ و رێبەر بهێڵنەوە و وای پیشانبدەن کە شۆڕش رێگای چارەسەری نیە و تەنیا بە رێفورم لە سیستم دەگەینە ئامانج.

ئاریۆ بەرزەن رایگەیاند: ئەمڕۆکە کە دەمانەوێت لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شۆڕشێکی دیموکراتیک رێکبخەین، کاک فوئاد سیمبۆل و پێناسەی وەها شۆڕشێکە کە دەتوانێت ببێت بە بەردی بناغەی زۆرێک لە رێکخراوەکان و بیرۆکەکان.

لە تایبەتمەندییەکانی کاک فواد لەبەرچاو گرتنی ڕاستیینەی کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو. تێپەڕکردنی چوارچێوەی بنەماڵە یەکێکە لە تایبەتمەندییە بەرجەستەکانی کاک فوئاد. لە کاتێکدا هەندێک هەوڵیاندا بە ناوی حزبەوە بەڕێوبەریی خەڵک بە شێوازی عەشیرەتیی بگرنە دەست، کاک فوئاد بە زانستییانە لە قوڵایی بابەتە تێگەیشتبوو و ڕووبەڕووی بووەوە، بەو جۆرە شێوازی ڕێکخستنی و سیاسیی و حزبی کاک فوئاد بۆ بەڕێوبەری کارەکان دەرەوەی بنەماڵەگەرایی بوو و کاک فواد دەیەویست سیاسەت بگەڕێنێتەوە بۆ ناو ژیانی کۆمەڵایەتی.لە کاتێکدا کە ڕژێمی داگیرکەری ئێران ڕێگەی لە کار و چالاکیی سیاسی خەڵک دەگرت، کاک فوئاد بە تێگەیشتنی دروستی لە دۆخەکە، داوایکرد سیاسەت بگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا و کاری سیاسی بگەڕێتەوە بۆ ناو بازنەی ژیانی کۆمەڵگا،بەڵام دوای شەهید بوونی کاک فوئاد بینیمان کە دیسان زیهنییەتی عەشیرەتیی و بنەماڵەیی لە کوردستان دووبارە دەبێتەوە.

ئاریو بەرزەن لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کاک فوئاد لە سەرەوەی کاری حزبی بیری لە دامەزراندنی ڕێکخراوەکان لە کوردستان دەکردەوە، بۆ نمونە ئێستاش لە مەریوان شوێنی دەستی کاک فوئاد دیارە و بوونی ئەنجومەنەکانی ژینگە پارێزیی، کۆمەڵناسی و شانۆ و کارە بە کۆمەڵەکانی دیکە کە خەڵک تێدا بەشدارن، ئەنجامی خەبات و کارەکانی کاک فوئادن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

وەشانی ڕاستەوخۆ

You may have missed