Aryen TV

چل ساڵ بە سەر گیانبەخت کردنی کاک فوئاد تێپەڕی

پەڕەکانی مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد پڕن لە بەرخودانی بێوچانی تێکۆشەران و لە رەوتی رووداوەکاندا گەلێک ناو دەدرۆشێنەووە، یەکێک لەو ناوە زێڕینانە فوئاد موستەفا سوڵتانیە.

فوئاد مسته‌فا سوڵتانی، ناسراو به‌ کاک فوئاد، تێکۆشه‌ری ناسراو و لە ڕێبەرانی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی گه‌لی کوردە.

فوئاد موستەفا سوڵتانی له‌ ‌ساڵی ١٣٢٧ی هه‌تاوی بەرامبەر بە ساڵی ١٩٤٩ی زاینی، له‌ ‌ئاوایی ئاڵمانه‌ی ‌شاری مه‌ریوان لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌دایک بوو.

کاک فوئاد خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ گوندی ئاڵمانه تەواو کردووە و بۆ بەردەوامی دانی خوێندن چووەتە‌ شاری سنه، دواتر لە ساڵی ١٩٦٦ لە تاران لە بەشی موهەندسی دەستی بە خوێندن کرد هه‌ر لەوێش‌ ده‌ستی دایە ‌چالاکیـی سیاسیی.

ساڵی ١٣٤٨ی هه‌تاوی، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک له‌ لاوە‌ چه‌پگەر و تێکۆشه‌ره‌کان له‌ زانکۆی تاران، ڕێکخراوێکی ‌نهێنییان دامه‌زراند و دواتر بەهۆی کار و چالاکییە سیاسییەکانییەوە، له‌لایه‌ن ده‌زگای سیخوڕی ڕژێمی پاشایه‌تی ئێران ناسراو بە ساواک دەستگیر کرا و چه‌ندین ساڵ له‌ زینداندا بەرخودانی کرد.

وه‌کوو ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ دۆخی سیاسی لە ئێران و هەروەها لەسەر ئەو ئەشکەنجە و گوشارانەی کە لە زینداندا دەکرایە سەر گیراوان، کاک فوئاد و هاوڕێیانی له‌ زیندانی سنه مانگرتنێکی ٢٤ رۆژەیان بەڕێوە برد.مانگرتـنەکە‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی زینداندا ده‌نگی دایەوە و بوو بە مایەی ورەی جەماوەر و گوڕی بە هێزی تێکۆشانی خه‌ڵک بەخشی.

کاتێک کە رژیمی پاشایەتی لە بەرامبەر تێکۆشانی گەلانی ئێراندا بەچۆک هات و زیندانیانی سیاسی ئازاد کرد فوئاد موسته‌فا سوڵتانی ماوەیەکی کورت پێش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران له‌ زیندان ئازاد بوو و گه‌ڕایه‌وه‌ مه‌ریوان. کاک فوئاد وەکوو تێکۆشەرێکی ماندوونەناس و رێبەرێک کە بڕوای بە تێکۆشانی جەماوەری هەبوو، جێدەستی لە چەندین تێکۆشانی مێژووی گەلی کورد وەکوو کۆچی مێژووی شاری مەریوان دیارە.

کاک فوئاد رۆژی ٩ى خەرمانانی ١٣٥٨ی هەتاوی لە ئاگجەوە و بە رێگاى مەریوان – سەقزدا بەرەو بانە دەکەونەڕێ و لە نزیک کاتژمێر ١٠ى پێش نیوەڕۆدا لە نێوان گوندەکانى بستام – کانێعمەت دا لەلایەن هێزێکى زۆری جاش و پاسدارەوە بە سەرکردایەتى مستەفا چەمران هێرشیان دەکرێتە و سەر لە دواى چەند کاتژمێر شەڕ و بەرەنگاری کاک فوئاد و ئەندامێکی چریکی فدایی بە ناوی تەهمورس ئەکبەری گیانیان بەخت دەکەن.شەش ڕۆژ بەر لە گیانبەختکردنی کاک فوئاد، دوو برای بەناوەکانی ئەمین و حوسێن، لە شاری مەریوان لەلایەن ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانەوە گوللەباران کران.

ڕۆژی ١٠ى خەرمانان تەرمەکەى کاک فوئاد دەبرێتەوە بۆ مەریوان و لە گۆڕستانى تاڵەسوار لە نزیک گوندەکەیان ئاڵمانە و لە تەنیشت ئەمین و حوسەینى برایدا و لە مەراسیمێکى جەماوەریدا بەخاک دەسپێدرێت. دواتریش رژیمی داگیرکەری ئێران ٢ براى ترى کاک فوئاد بە ناوەکانى ئەمجەمد و ماجد لە تەورێز دەستگیردەکات و لە زیندانى تەورێز لە سێدارەیان دەدا و تەرمەکانى ئەوانیش لەتەنیشت گۆڕی کاک فوئاد دا بەخاکسپێردراون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

وەشانی ڕاستەوخۆ

You may have missed