Aryen TV

٣١ی ئاب، پارتی دیموکرات لەمڕۆژەدا بەعسی هێنایەوە بۆ هەولێر

ئەمڕۆ ٣١ی ئابە، ئەو ڕۆژە ڕەشەی کە لە مێژووی گەلەکەماندا، بە ڕۆژی خیانەتی ٣١ ی ئاب ناسراوە و لەو ڕۆژەدا پارتی دیموکرات بەسەر تانکەکانی ڕژێمی بەعسەوە چووە ناو پارلەمانی هەرێمی باشوری کوردستان.

دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی باشوری کوردستان، تارمایی و ململانێی شەڕی نێوخۆ لە سەر دەسەڵات، لەنێوان دوو هێزە سەرەکییەکەی باشور واتە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان سەریهەڵدا.

باشوری کوردستان، سەرەڕای قەیرانی سەختی ئابوری، بەرەو شەڕی ناوخۆ پەلکێشکرا و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ئێران و تورکیا هەوڵی گەرمکردنی ئاگری شەڕەکەی نێوان کوردانی باشووری کوردستانیان دەدا.

لەماوەیەکی کەمدا یەکێتی توانی ناوچەکانی سلێمانی و هەولێر بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و گوشارەکانی بۆ سەری ڕەش کە بنکەی سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستاان بوو زیاتر بکات.

لەساڵی ١٩٩٦ یەکێتی بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی جەلال تاڵەبانی پلانی ئازادکردنی کەرکوک و لاوازکردنی حکومەتی بەعسی دانا بوو، هەربۆیە لە قۆڵی هەولێر و چەمچەماڵەوە دەست بە هێرشێک بەرەو کەرکوک کرا، ئەوەش بەرهەڵستکارانی عێراقی هاندا کە بۆ ئازادکردنی موسڵ بکەونە جوڵە تا ئەمەرییکیەکان ناچاربکەن هاوکاریان بن.

لەو کاتانەدا و لە ٢٢ ی ئابی ١٩٩٦ مەسعود بارزانی نامەیەکی بۆ سەدام حسێن نارد و بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی هێز بۆ خۆی داوای لەسەدام کرد یارمەتی بدات تا لە هەولێر پارتی دەسەڵات بگرێتە دەست.

پاش ئەو نامەیە بارزانی چووە بەغداد و لەگەڵ سەدام ڕێکەوتن کە پێشمەرگەکانی پارتی چاوساغی بۆ هێزەکانی بەعس بکەن تا بگەڕێنەوە بۆ هەولێر

بەو شێوەیە ئەزموونی باشووری کوردستان کەبەخەباتی زیاتر لە ٥٠ ساڵ و سەدان هەزار شەهید بەرهەم هاتبوو، لەلایەن پارتیەوە خرایە ژێر پێی ڕژێمی بەعس.

بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١ ئاب، سوپای عێراق و پێشمەرگەکانی پارتی، لە قۆڵی موسڵ و کەرکوکەوە بە ١٥٠ تانک و ٣٠ هەزار چەکدار هێرشیان کردە سەر شاری هەولێر، سەرەتا ١٣ پێشمەرگەی یەکێتیان لە سەر ڕێگەی گوێر و هەولێر بەدیل گرت و هەرلەوێ گولەبارانیان کردن، تانک و هێزەکانی رژیمی بەعس و پێشمەرگەکانی پارتی، چوونە ناو پەرلەمانی هەرێم و هەولێریان داگیرکرد، بەپێی گێڕانەوەی شایەتحاڵەکان لەوشەڕانەدا ٤٥٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ کەس بریندار بوون کە جگە لە هێزە کوردیەکان بەرهەڵستکارانی عێراقیش کەوتنە بەر ئەو پەلامارە.

ڕاگەیاندنەکانی عێراق ئەو پڕۆسەیەیان بەسەرکەوتن بەسەر دوژمن و لەسەر داخوازی مەسعود بارزانی لە سەدام راگەیاند.

مەسعود بارزانی لەوکاتە بۆ ئاژانسە جیهانییەکان قسەی کرد و گوتی، چیدی سەدام دوژمن مان نییە.

٣١ی ئاب تەنیا ئەنجامی ڕووداوێكی سەربازی یان سیاسی نیە، بەڵکو چەمکەکانی نەتەوە، نیشتمان و ئیرادەی سیاسی کوردانی بن پێکرد ئەگەرچی پارتی دیموکرات توانی لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ دەسەڵاتی خۆی بە سەر هەولێردا بسەپێنێت، بەڵام ٣١ی ئاب لای گەلی کورد واتایەکی جگە لە خەیانەتی نەتەوەیی نیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

وەشانی ڕاستەوخۆ

You may have missed