Aryen TV

ڕاگەیندراوی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە، سەبارەت بە دۆخی ئێستای باشوری کوردستان و رووداوەکانی ئەم دواییە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دەبێت پشتگیریی ئیرادە گەلی باشوری کوردستان بکرێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە، سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی باشوری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە سەرەڕای ڕێنمایی و تکای کوردستانیان و دۆستانی کورد کە ڕیفراندۆم لانی کەم بە مەبەستی خۆئامادەکردن دوابخرێت، بە داخەوە دەسەڵاتی باشوور هەر لە سەر بەئەنجامگەیاندنی ڕیفراندۆم سوور بوو، بەڵام دوای هێرشەکانی دەوڵەتی عێراق، دەسەڵاتی باشوور بێ کردەوە ماوەتەوە.

کەنەکە دەشڵێت: دەوڵەتی عێراق بە پیلانگێڕیەکی هاوبەش لەگەڵ دەوڵەتانی ئێران و تورکیا، پێی ناوەتە نێو شەڕ و دەستتێوەردان لە باشوور و هەوڵ بۆ لێکترازاندن و دوورخستنەوەی کوردان لە یەکتر دەدات، ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەهیچ شێوەیەک هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئەو دەوڵەتانە و بێڕێزیکردن بە گەلی باشووری کوردستان قبوڵ ناکەین، دەبێ تورکیا و ئێران و عێراق ئەو ڕاستییە بزانن کە گەلی کوردستان لەژێر هیچ گوشار و هێرشێکدا دەستبەرداری مافی ڕەوای خۆیان نابن.

 

کەنەکە: بەهیچ شێوەیەک هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئەو دەوڵەتانە و بێڕێزیکردن بە گەلی باشووری کوردستان قبوڵ ناکەین، دەبێ تورکیا و ئێران و عێراق ئەو ڕاستییە بزانن کە گەلی کوردستان لەژێر هیچ گوشار و هێرشێکدا دەستبەرداری مافی ڕەوای خۆیان نابن.

هەر لەو راگەیاندراوەدا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە داوا لە دەسەڵاتدارانی باشوور دەکات پشتیوانی ئیرادەی گەلی باشوور و کوردستان بکەن و ئەڵتەرناتیڤیان بۆ دۆخی قەیراناوی و شکستخواردووی ئێستا هەبێت و حکومەتێکی جەسوور و پەرلەمانێکی بە ئیرادە و پڕ لە وزە و بکەوێتە کار.

کەنەکە داوا لە دۆستانی کوردستان کردووە لەبەر هۆکاری سیاسیی ڕوون و ئاشکرا لەگەڵ دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا، گشتگیرانە سزای خەڵکی باشوور نەدەن و پشت لە خەڵکی کوردستان نەکەن.

کەنەکە لە کۆتایدا داوا لە هەموو کوردستانییەکی دڵسۆز دەکات هەر جۆرە لایەنێک کە دەستدرێژیی دەکاتە سەر خەڵک و خاکی کوردستان، جا لە ژێر هەر ناوێکدا بێت بە داگیرکەریان بزانن و بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و بەرپەرچیان بدەنەوە چونکە بەکارهێنانی مافی خۆپاراستنی ڕەوا لەپێناو پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەکانی خەڵکی کوردستان، ئەرکی سەرشانی هەموومانە و کوردستانیانی دڵسۆز دەبێت لە سەر خەباتی خۆیان بۆ برایەتیی گەلان، بۆ ڕێزگرتن لە مافی دیموکراسیی و مرۆڤایەتیی خەڵک، بۆ سیستەمێکی دیموکراسیی بەردەوام بن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

وەشانی ڕاستەوخۆ

You may have missed